ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2015، به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵه‌بانى جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی په‌یوه‌ندار، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە لایەن به‌ڕێزان د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و د. جەعفەر ئیمینکی و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و پێشوازییان لێ كرا و له‌گه‌ڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک ساز کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، هیوای خواست کۆبونەوەکە هەنگاوێک بێت بەرەو کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر پرسە تایبەتمەندەکانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیانی  کوردستان، داوای لە شاندی حکوومەتی هەرێمى كوردستان کرد، دواهەمین هەنگاو پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی پەرلەمان بخەنە ڕوو.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ، ئاماژەی بە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و وتی "بەداخەوە بەغدا هەرجارەی بە بیانوویەک کێشەمان  بۆ درووست دەکات، ئێمە پانەندی ڕێکەوتنەکە بووین و نەوتی پێویستمان ناردووە، بەڵام بەغدا بودجەى هەرێمی كوردستانى وەک خۆی نەناردووە."

لەبارەی پلانی داهاتووی حکومەتی هەرێمى كوردستانه‌وه‌، بۆ ئەم پێشهاتە نوێیە، به‌ڕێز سەرۆک وەزیران گوتی:"هەرێمی کوردستان کارتی بەدەستەوەیە بەکاری بێنێت، بەڵام دەمانەوێت دەرفەتێک بدەینەوە بە بەغدا و لە ڕێگەی دانیشتنەوە گرفتەکان چارەسەربکەین." دواتر وەزیرانی تایبەتمەند و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و ئەندامانی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان پرسیاریان ئاڕاستەی شاندی حکومەتی هەرێم کرد."

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كان، پشتگیرییان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌گه‌رى پابه‌ندنه‌بوونى حكوومه‌تى فیدرال به‌ یاساى بودجه‌ى عیراقه‌وه‌ و نه‌ناردنى بڕه‌ پاره‌ى شایسته‌ى هه‌رێمى كوردستان، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بریارى خۆى بدات و به‌پێى یاساى په‌رله‌مانى كوردستان ڕێكارى دیكه‌ بۆ دابینكردنى بودحه‌ى پێویست بۆ هه‌رێمى كوردستان بگرێته‌ به‌ر.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی: بەداخەوە حکوومەتی بەغدا پابەندی یاسای بودجە نەبووە، ناکرێت پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی تیرۆرستاندا خوێنی بڕژێت و بەغداش بە بیانووی جیاواز بودجەکەی ببڕێت.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌،10ی نۆڤەمبەری 2014، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز کە پێکهاتبوون له‌ به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی سەرۆک و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ن‌، د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و عەلی سندی وەزیری پلاندان، دەستی پێکرد.

دانیشتنەکەی پەرلەمان سەبارەت بە گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر ڕاپۆرتى هاوبه‌شى هه‌ردوو لیژنه‌ى دارایى و كاروبارى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان و لیژنه‌ی ‌پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه ‌سروشتییه‌كان و گرفتی پشكی هه‌رێمی كوردستان له ‌بودجه‌ی گشتیی عیراق و ڕاسپارده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ وه‌فدی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان.

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا به‌ڕێز د.یووسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان یاداشتی حه‌وت فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستانی خوێندەوە، كه‌ تیایدا ئەو فراکسیۆنانە داوایان کردووە بۆ ڕێکخستنی دانیشتنەکە، ئەندامانی فراکسیۆنەکان لە هەردوو لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری و وەبەرهێنان و لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان و نوێنەری ئەو فراکسیۆنانەی ئەندامیان لە لیژنانەدا نییە، قسە بکەن. ئەم پێشنیارە خرایە دەنگەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا، بۆ دانیشتنەکەش بە زۆرینەی دەنگ بڕیار درا دانیشنەکە نهێنی نەبێت، بەڵام ڕاستەوخۆ لە میدیاکانەوە پەخش نەکرێت، چونکە هەندێ داتا و زانیاری لە دانیشتنەکەدا دەخرێتە ڕوو، زیانی بۆ ڕەوتی دانوستاندنی هەرێم و بەغدا دەبێت.

دانیشتنەکە کاتژمێر 11 ی سەرلەبەیانی دەستی پێکرد، له‌به‌شی یه‌كه‌مدا هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان د. ‌ئاشتی ‌هه‌ورامی ‌وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و ڕێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی ڕاپۆرتی ‌خۆیان خوێنده‌وه‌. به‌ڕێز وەزیری پلاندانان چەند ئامار و داتایەکی لەسەر پرسی ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.

 

دواتر به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەکیدا بۆ پەرلەمانتاران تیشکی خستە سەر کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و، بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و پرسی ناردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێم و داهاتی نەوت و مووچەی فەرمانبەران و پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ و شەڕی تیرۆرستان و چەند پرسێکی دیكه‌، تەوەری سەرەکیی وتەکانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان بوو.

پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ پەرلەمانتاران کرایەوە و لە دانیشتنەکەدا نزیکەی بیست پەرلەمانتار پرسیار و سەرنجیان لەسەر داهاتی نەوت و قەیرانی دارایی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد هەبوو. پەرلەمانتارانی لیژنە تایبەتمەندەکانی ئەم بوارانە و ئەو پەرلەمانتارانەی کە فراکسیۆنەکانیان ئەندامیان لەو لیژنانەدا نەبوو، پرسیاریان لە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز کرد، دواتریش لیژنەکە وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی پەرلەمانتارانیان دایەوە.

به‌ڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای کرد، ئەو پەرلەمانتارانه‌ی لەو لیژنانەدا نەبووبن و نەیانتوانی پرسیار بكه‌ن، دەتوانن پرسیار بۆ لیژنەی ناوبراو بنێرن، كه‌ دەبێت بە زووترین کات وەڵامەکان بگاتەوە بە پەرلەمانتاران.

دوای زیاتر لە8 کاژێر گفتوگۆکردنی نێوان پەرلەمانتاران و ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز، دانیشتنەکە کاژێر 8ی ئێواره‌ کۆتایی هات و لە کۆنگرەیه‌كی ڕۆژنامەنووسیدا هەریەک لە به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سه‌رۆك و جێگری سەرۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی دانیشتنەکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی